بۆردی پەروەردە (K–12) لە دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا (KAAE)، زنجیرەیەک سەردانی مەیدانی بۆ نرخاندنی پێویستی و ئامادەیی (NRA) لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجامدا. ئەم چالاکییە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ و لە چوارچێوەی پڕۆژەی خوێندنگە تاقیکارییەکانی K–12" خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. سەردانەکان لەلایەن دکتۆر لارا نەبیل عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری لیژنەی پەروەردەی K–12 لە (KAAE) سەرپەرشتی کران، و بە پاڵپشتی لۆجستی و کارگێڕیی یاد هیدایەت، یاریدەدەری جێبەجێکار هاوکاری کران.
سەردانەکانی (NRA) هەنگاوێکی سەرەتاییین بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو خوێندنگە تاقیکارییە هەڵبژێردراوانەی کە خۆیان بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی متمانەبەخشینی (KAAE) ئامادە دەکەن. ئامانجی ئەم سەردانانە نرخاندنی پێویستی ئامادەیی دامەزراوەیییە لە ڕێگەی پشکنینی توانای بنەڕەتی، پێکهاتەکانی سەرکردایەتی، شێوازەکانی وانەوتنەوە و پابەندبوونی گشتی بە کوالێتی و باشترکردنی بەردەوام. وەک بەشێک لە پڕۆژە تاقیکارییەکە، (KAAE) لەگەڵ دوانزە خوێندنگە کار دەکات، کە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لەخۆ دەگرێت.
سەردانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، چالاکییە مەیدانییەکانی ناو خوێندنگەکان لەگەڵ چالاکییە چڕەکانی بونیادنانی توانا بۆ سەرکردایەتیی خوێندنگەکان و سەرپەرشتیارانی وەزارەتی پەروەردە ئاوێتە کردبوو. چالاکییەکانی سەردانە مەیدانییەکە پێکهاتبوون لە: بەسەرکردنەوەی خوێندنگەکان، چاودێریکردنی پۆلەکان و پڕۆسەی فێربوون، ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەران و تیمەکانی سەرکردایەتی، وردبینیکردنی بەڵگەنامەکان، و سازکردنی خولی ڕاهێنانی تایبەت بە ئامادەکاریی کاندیدبوون و چوارچێوەی متمانەبەخشین.
پوختەی سەردانەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە:
ڕۆژی شەممە، ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، (KAAE) خولێکی ڕاهێنانی یەک ڕۆژەی بۆ بونیادنانی توانا لە شاری سلێمانی ساز کرد، بۆ ئەو سەرپەرشتیار و نوێنەرانەی وەزارەتی پەروەردە کە بەشدارن لە پڕۆژەی خوێندنگە تاقیکارییەکاندا. ڕاهێنانەکە تیشکی خستە سەر چوارچێوەی متمانەبەخشینی (KAAE) و ستانداردە بنەڕەتییەکان، هاوکات گفتوگۆی گرووپیی کردەیی ئەنجام درا بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاستی ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە.
ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، (KAAE) سەردانێکی بۆ نرخاندنی پێویستی و ئامادەیی (NRA) بۆ کۆمەڵگەی پەروەردەییی کوردستان لە سلێمانی ئەنجامدا.
ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، (KAAE) سەردانێکی بۆ نرخاندنی پێویستی و ئامادەیی (NRA) بۆ خوێندنگەی شەهید ئازاد هەورامی لە هەڵەبجە ئەنجامدا.
ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، (KAAE) سەردانێکی بۆ نرخاندنی پێویستی و ئامادەیی (NRA) بۆ خوێندنگەی نەوژینی بنەڕەتیی تێکەڵاو لە دەڤەری گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامدا.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، (KAAE) سەردانێکی بۆ نرخاندنی پێویستی و ئامادەیی (NRA) بۆ خوێندنگەی ئامادەییی بابان لە قەڵادزێ ئەنجامدا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، دواین سەردانی ئەم قۆناغە بۆ خوێندنگەی نێودەوڵەتیی شوەیفات لە سلێمانی ئەنجام درا، کە دامەزراوەیەکی کەرتی تایبەتە و بەشدارە لە پڕۆژە تاقیکارییەکەدا.
دوای تەواوبوونی سەردانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، (KAAE) بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی سەردانە مەیدانییەکانی نرخاندنی پێویستی و ئامادەیی (NRA) لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر، بە هەمان شێوازی ڕێکخراو و گەشەپێدەر بۆ ژمارەیەکی تری خوێندنگە تاقیکارییەکان. ئەم سەردانە مەیدانییانە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی (KAAE)ـن بە پڕۆسەیەکی متمانەبەخشینی بنچینەکراو لەسەر ستاندارد و ئاراستەکراو بەرەو چاکسازی، کە ئامانجی پاڵپشتیکردنی خوێندنگەکانە لە بونیادنانی بنەمایەکی بەهێز بەر لە دەستپێکردنی گەشتی فەرمی متمانەبەخشین.